د.بەشیر حەداد سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ کرد

رۆژی هەینی ٢٠٢١/٣/١٩، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی کرد کە تیایدا ئەندامانی لیژنەکە لە فراکسیۆنە جیاوازەکانى پەرلەمان بەشدار بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لە بارەی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ و تاوتوێی گرنگترین خاڵە ناکۆکەکانی ناو پرۆژەکە کرا پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر پەسەند کردنی پرۆژە یاساکە.
لە گوتەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی لیژنەی دارایی کرد، بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەکان لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە و دەستە حکومییەکان لە ماوەی رابردووداو و ئاماژەشی بە گرنگی تێپەڕکردنی یاسای بودجە لە چوارچێوەی دەستوور و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کە پێداویستی هاووڵاتیان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تیادا پارێزراو بێت.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
هەینی ١٩ی ئاداری ٢٠٢١