د.بەشیر حەداد: کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٩١ی پردێ تاوانێکی گەورە بوو کە رژێمی پێشووی عێراق بەرامبەر بە پێکھاتەی تورکمان ئەنجامیدا

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بەسەر تاوانى ناحیەی( پردێ)ی سەر بە پارێزگای کەرکووک، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی مەدەنی تورکمان بە دەستی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ گولەباران کران، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: “ئاسەواری ئەو تاوانە گەورەیەی بەسەر دانیشتوانی (پردێ)دا هات لەلایەن سوپای عێراقەوە، تاوەکو ئێستاش لە نێو بیر و ویژانماندایە كه بەهۆیەوە دەيان لە گەنجان و پیاوانی ئەو شارۆچکەیە بە دڕەندەترین و بێ رەحمانەترین شێوە گوللەباران کران”.
دکتۆر بەشیر حەداد راشیگەیاند:”کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٩١ی پردێ، تاوانێکی قێزەونە کە رژێمی پێشووی عێراق بەرامبەر بە ھاووڵاتییە تورکمانەکان ئەنجامیدا” و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی قەرەبووکردنەوەی تەواوی ماددی و مەعنەوی کەسوكارى قوربانيان و ئەو کەسانەی کە لەو رووداوەکەدا زیانیان پێگەشتووە، له پێناو پاراستنی ئەزموونی دیموکراتی لە عێراق کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کاری بۆ کراوە و چەسپاندنی مافی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق لە رێگەی رێسا و یاسا بەرکارەکانەوە.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎دووشەممە ٢٩ی ئاداری 2021