پەیامی د.بەشیر حەداد، بەبۆنەی یادی ٣٠ ساڵەی کۆڕەوە ملیۆنەکەی گەلی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١
٣٠ ساڵ لەمەوبەر و لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ گەلی کوردستان لە باشوور، بۆ رەتکردنەوەی زوڵم و ستەم و ژێر دەستەیی دیکتاتۆرییەت، ناچار بوو ناوچەکانی خۆی بەجێ بهێڵێت و روو لە سنوورەکانی وڵاتانی تورکیا و ئێران بکات.
لە کۆڕەوی ملیۆنی گەلی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، کە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە ژن و پیاو و پیرو گەنج و منداڵەوە تێیدا بەشداربوون، ناچاربوون ماڵ و موڵک و شوێنەکانی خۆیان بەجێ بهێڵن و بە سکی برسی و بە پیادە سەدان کیلۆمەتر رێ بکەن تاوەکو بگەنە ناوچەیەکی ئارام و خۆیان لە ژێر دەستی رژێمی ئەو کات عێراق رزگار بکەن.
وەبیرهێنانەوەی ستەم و ناخۆشییەكان هانمان دەدات بۆ بەهێزتركردنی گیانی نیشتمانی و پتەوكردنی بنەماكانی دیموكراسی و پاراستنی مافی تەواوی پێكهاتەكان لە چوارچێوەی دەستووردا، بۆیە لەسەر هەمووان پێویستە هەوڵی زیاتر بدەین بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و ڕۆشنبیری لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیيانە.
هەر لەم بیرەوەرییەدا بە پێویستی دەزانین دەستبەری مافەكانی مرۆڤ و بەردەوامی ئازادییەكان بەپێی یاسا بكرێت. پێویستە لەسەر لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بن لە گفتوگۆی نيشتمانيى بونیاتنەرانە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی و تەنگژەكان بەگوێرەی دەستوور، و جێبەجێكردنی یاسا لەپێناو سەقامگیری ئاسایش لەسەرجەم وڵاتدا.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٣١ی ئاداری ٢٠٢١