د.بەشیر حەداد لە رۆژی جیھانی تەندروستی: ھەوڵ و ماندووبوون و قوربانیدانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بەرز دەنرخێنین

بەبۆنەی رۆژی جیھانی تەندروستی کە دەکاتە ٧ی نیسان، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەسەر گرنگی پشتیوانی کادیرانی تەندروستی و رێزگرتن لە رۆڵی گەورە و بەردەوامیان دەکاتەوە کە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆڤید-١٩ دا گێڕاویانە بەوەی کە رۆژانە لە ھێڵی پێشەوەی ئەو شەڕەدان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە ھەنگاوی پێویست ھەڵبگرێت بۆ پشتیوانی تەواو لە بواری تەندروستی و چاودێری و پشتگیری و دابینکردنی کادیری پێویست بەمەبەستی پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی بۆ ھەموو ھاووڵاتیانی عێراق لە ھەموو کاتێکدا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشيگەیاند:”هەوڵ و كۆشش وقوربانیدانی سوپای سپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا زۆر بەرز دەنرخێنین وهەوڵی دەدەین بەداڕشتنی یاسای پێویست رێز له کارەکانیان بگرين و تەواوى مافەکانیان دابين بکەین ،لە ڕۆژی جیهانی تەندروستیش دا جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی ئامانجە سەرەكیەكانمان دەكەینەوە بۆ باشتر كردنی ئەدای كەرتی تەندروستی و دروستبوونی تێگەیشتنێكی باش بۆ ڕووماڵی تەندروستی و هۆشیاربوون بە گرنگی چاودێری سەرەتایی تەندروستی وەكو بنەما بۆ هەر كۆمەڵگایەك ، هەروەها هاندانی هاووڵاتی و بڕیار بەدەست و كارمەندانی بواری پزیشكی بۆ ئەوەی چاودێری تەندروستی ببێتە واقیع بۆ هەموو لایەك و بە هاتنی پێكوتە ئەم قەیرانە تێپەڕێنین.”
حەداد داواش لە ھاونیشتمانیان دەکات کە رێکارەکانی خۆپارێزی لە بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێ بکەن و پابەند بن بەو رێنماییانەی کە لە لایەنە تایبەتمەندەکانەوە دەردەچن.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢١