پەیامی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

بەتوندی ئەو هێرشە تیرۆرستییەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی هێزەکانی تورکیا لە باشیک ئیدانە دەکەین، کە شەوی رابردوو لەلایەن گروپێکی تیرۆرستییەوە بەشێوەیەکی زۆر ترسنۆکانە ئەنجام درا.
لە ماوەی رابردوودشدا چەند هێرشێکی دیکەی هاوشێوە کرانە سەر هەولێر و بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نزیک شارۆچکەی پردێ.
پێمان وایە ئەو جۆرە هێرشانە مەترسی گەورەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی تایبەتی و تەواوی عێراق بەشێوەیەکی گشتی، بۆیە پێویستە لەسەر حکومەتی فیدراڵی کار بۆ دۆزینەوە و سزادانی ئەو گروپانە بکات، چونکە ئەو جۆرە هێرشانە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان و تێکدانی ئاسایشی وڵات دەبێت.
داوا لە هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش دەکەین، زیاتر چاوکراوە بن و رێگە نەدەن تیرۆرستان جارێکی دیکە زەفەر بەرن و کاری تیرۆرستی دیکەی هاوشێوە ئەنجام بدەن، لە هەمان کات دا پێوستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە سەر جێگیرکردنی هێزێکی هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، تاوەکو چی دیکە لەو شوێنانەوە هێرشی تیرۆرستی بۆ سەر هیچ ناوچەیەکی دیکە ئەنجام نەدرێت.

د.بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١٥ی نیسانی ٢٠٢١