د.بەشیر حەداد، سەردانی پێشمەرگە بریندارەکانی شەوی رابردووی میحوەری پردێی کرد

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٥/١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری ھەولێر سەردانی ئەو دوو پێشمەرگە بریندارەی کرد کە شەوی رابردوو لە پەلاماری چەکدارانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بریندار بوو بوون و ھیوای سەلامەتی و ھەرچی زووتر چاکبوونەوەی بۆ خواستن.
ئامانج لە سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە نزیکەوە ئاگادار بوون بوو لە رەوشی تەندروستی ئەو دوو پشمەرگر بریندارە و دەربڕینی پێزانینی خۆی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بوو بۆ قارەمانێتی ھێزی پێشمەرگە و سوپا و تەواوی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش.
دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند:”پێشمەرگە قارەمانەکان جارێی دیکە سەلماندیان کە ھەمیشە گیان لەسەر دەستن بۆ پاراستنی خاک و نیشتمانەکەیان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش.”
حەداد جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە دانووستاندنەکانیان بکەنەوە بۆ جێگیر کردنی ھێزێکی ھاوبەش لە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بۆ رێگری کردن لە دووبارە خۆ رێکخستنەوەی داعش و پاراستنی سەرو ماڵی ھاووڵاتیانی ناوچەکە.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١ی ئایاری ٢٠٢١