پەیامێک لە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

شەوی رابردوو تیرۆرستانی داعش لە میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نزیک شارۆچکەی پردێ و لە ئەنجامدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان قارەمانانە لێیان هاتنە دەست و پەلامارەکەیان تێکشاندن.
بەداخەوە لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا سێ پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و چەند پێشمەرگەیەکیش بریندار بوون، ئێمە لێرەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەکەین و هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئيمه حكومەتی فيدراڵ و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو بابەتە بە کەمتەرخەم دەزانین، و بەپێویستیشى دەزانین جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر جێگیرکردنی هێزێکی هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بگەنە رێکەوتن، چونکە ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو سەلماندوویەتی کە ئەو هێزانەی لەو ناوچانە جێگیرکراون ناتوانن ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن و ناوچەکەش بووەتە شوێنی خۆرێکخستنەوەی چەکدارانی داعش.

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١ی ئایاری ٢٠٢١