سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی بە مەسرور بارزانی دەکەوێت

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمرۆ دووشەممە چاوی کەوت بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە میانی دیدارەکە تاوتوێی دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا، بە تایبەت ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و رێگەکانی زامنکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد کە زامنی دەستەبەرکردنی ماف و خواستی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق بکات.
جەختیش کرایەوە لەسەر گرنگی چارەسەر کردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ریشەیی و بەپێی دەستور.
هەر لە دیدارەکە باس لە مەترسییەکانی تیرۆر کرا بە گشتی و بە تایبەتیش هەرەشەکانی داعش لە چەندین ناوچەی عێراق کە مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر ژیانی خەڵکی، و تەئکیدیش کرایەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەرەشەکانی.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
3 ئایار 2021

3, 2021