د.بەشیر حەداد: لیژنەی تایبەت بە رووداوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب کۆتایی بەکارەکانی هێنا و ئەنجومەنی وەزیرانیش راسپاردەکانی پەسەند كرد

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە چاودێر بوو بەسەر لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەت بۆ بەدواداچوون لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب، جەختی کردەوە کە لیژنەکە کۆتایی بە کارەکانی هێناوە لە دوای ژمارەیەک کۆبوونەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانەی کە پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەبوو و گوێگرتن لە کەسانی شایەتحاڵ،دوای ئەوەش هەندێک راسپاردەی پێویستی لە راپۆرتی کۆتایی خۆی دا داوەتە حکومەت.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی دا لەسەر راسپاردەکانی لیژنەکە کە گرنگترینیان بریتین لە:
یەکەم: پابەند کردنی وەزارەتی تەندروستی بە گرتنەبەرى رێکاری یاسایی و، سزادانی هەریەک لە د.سەلمان حامد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و هەر سێ جێگرانى بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەرگری شارستانی و دوورخستنەوەیان لە کارەکانیان و دابەزاندنى پلەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە بەپێی یاسا.
دووەم: دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بەغدا/ رەسافە لە پۆستەکەی، پابەند کردنی وەزارەتی تەندروستی بە گرتنەبەرى رێکاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەو فەرمانە بەپێی یاسا.
سێیەم: كۆتاییهێنانی باری دەست هەڵگرتن لەبەرامبەر وەزیری تەندروستی و پارێزگاری بەغدا كە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (140بۆ ساڵی2021) بڕیاری لەسەر درابوو.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە هەموو وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان دەکات کە رێوشوێنی پێویست و رێکارەکانی پاراستنی سەلامەتی بگرنە بەر بۆ رێگری کردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو رووداوانە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و نەخۆشخانە و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکان.

نووسنگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ٤ی ئایاری ٢٠٢١.