د.بەشیر حەداد و پارێزگاری هەولێر جەختیان لەسەر پێشکەش كردنى خزمەتگوزاری زياتر به هاولاتييان کردەوە

رۆژی دووشەممە رێككەوتی ١٠/٥/٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێری کرد و پیرۆزبایی لێ کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی نوێی و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست.
لە دیدارێکدا دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژەی بەوەدا کە پۆستی پارێزگارى هەولێر ئەرکێکی قورسە و پێويستى به پشوو درێژى و وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی خەڵکی پارێزگاکە ھەیە و ، راشیگەیاند پارێزگارەکانی پێشوو کاری زۆرباشیان بۆ هاووڵاتیان کردووە، بەڵام خەڵکی چاویان لە خزمەتگوزاری زیاترە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بە کێشە و گرفتی ژمارەیەک گەڕەک و شوێنەکانی شاری هەولێر دا، بەتایبەت گەڕەکی هەشتی حەسارۆک کە هاووڵاتیانی ئەو شوێنانە داوای دەکەن بە زووترین کات خزمەتگوزارییان بۆ ببرێت تاوەکو بتوانن زەوییەکانیان بکەنه خانوو .

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١٠ی ئایاری ٢٠٢١