د.بەشیر حەداد و بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، پرۆسەی خوێندنیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد

د.بەشیر حەداد: پێویستە کێشەکانی نێوان زانکۆکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بە دانوستان چارەسەر بکرێن

رۆژی دووشەممە، رێككەوتی ١٠/٥/٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر سەردانی پ د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی لە د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق کرد بە بۆنەی دەست بەکاربوونی وەکو بریکاری وەزارەت و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کارەکانی دا.
لە دیدارێک دا دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و پێگەیاندنی نەوەی نوێ کرد و رایگەیاند:”وەزارەتی خوێندنی باڵا لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و ناوچەکە، توانیویەتی بە سیاسەتێکی زۆر باش بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدات، بەشێوەیەک کە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە خوێندنیان دوا نەکەون”.
هەر لە دیدارەکەدا باس لەو کێشە و گرفتانە کرا کە هاتوونەتە بەردەم پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان و بابەتی داننان بە ژمارەیەک زانکۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و داننانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژمارەیەک زانکۆی حکومەتی فیدراڵی.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، جەختی لەسەر گرنگی و زیاتر کردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاى هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کردەوە بە ناردنی شاند لەلایەن هەردوولا و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە رێگەی گفتووگۆ.
هەمان رۆژ، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد سەردانی پ د.جەوهەر فەتاح سەعید، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدینی کرد و پیرۆزبایی لێ کرد بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەوە و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەشی بە رۆڵی زانکۆی سەڵاحەدین و ئەو قوتابیانە کرد کە لەو زانکۆیە دەردەچن و رایگەیاند کە ئەو قوتابیانە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان و بزوێنەری کار و سیاسەتی دوا رۆژی نیشتمانن.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١٠ی ئایاری ٢٠٢١



انت تتصفح موقع الدورة النيابية الرابعة. للانتقال الى الدورة الحالية انقر هنا

X