د.بەشیر حەداد، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد

د.بەشیر حەداد جەختی لە پاراستنی ئەو پێکەوە ژیانی ئایینییە کرد کە لە هەرێمی کوردستان دا هەیە

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 2021/5/10، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستانى کرد و لەلایەن دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بریکار و بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتەوە پێشوازیى لێ کرا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستخۆشی لە وەزیری ئەوقاف و بريكارى وەزارەت کرد بۆ ئەو سەردانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ بەغدای پایتەخت ئەنجامیان داو چەند دیدارێکیان تیادا ساز کرد و رایگەیاند، ئەو جۆرە سەردانانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاى پەیوەندییدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئایینییەکانی نێوان هەردوولا.
دکتۆر بەشیر حەداد ئامادەیی خۆی و نوێنەرانی دیکەی کوردی لە بەغدا پیشان دا، بۆ هاوکاری کردن لە پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردولا، ئاماژەشی بەوەدا کە زیادکردنی سەردان و هاتووچۆی شاندەکان کاریگەری زۆر باشی لەسەر زیاتر نزیکبوونەوە و گەشەسەندنی پەیوەندییەکان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی زەینەدین مەولوود بریکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد و پیرۆزبایی لێکرد بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی نوێی و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لەکارەکەیدا بۆ خواست.
حەداد، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی دان بەو پێکەوە ژیانە ئایینییەی کە لە هەرێمی کوردستان دا هەیە و رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەکمان ئەو کلتورە جوانە کە ناوەڕۆکی پەیامە ئاسمانییەکانە بپارێزن و زیاتر پەرەى پێ بدەین.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١٠ی ئایاری ٢٠٢١