د.بەشیر حەداد و سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان یاسای ئاماری فیدڕاڵیان تاوتوێ کرد

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٥/١٢، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری ھەولێر، پێشوازیى کرد لە سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا ھەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگى زانستى ئامار و ئامادەکاری داتا و زانیارییەکان له پرۆسەی بونياتنان و گەشەپێدانی وڵات و کۆمەڵگە. ھەروەھا تيشكيان خسته سەر ( پڕۆژە ياساى ئامار و سیستەمی زانياريى جوگرافى) كه له حکومەتی فیدڕاڵییەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوه و بڕیار وایە لە داھاتوویەکی نزیک دا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەدا ئەنجومەنی نوێنەران کار دەکات بۆ ئەوەی یاسایەکی ھەمەلایەن و تۆكمه بۆ ئامار پەسەند بکەن بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی تەواوی پێکھاتەکانی عێراق بێت و ڕۆڵی دەستەی ئامارى ھەرێمی تێدا ديار بێت.
حەداد جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی ھەبوونی ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتر لە نێوان ھەردوو دەستەی ئامار له ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی، بەمەبەستی کارئاسانی و ھاوکاری زیاتر لە کارەکانیان دا، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەربڕی بۆ ھەر ھاوکارییەک.

نووسیگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنرانی عێراق
١٢ی ئایاری ٢٠٢١