شاندێکی کونسوڵخانەی عێراق له غازی عەنتاب سەردانی ئەو خانەوادە کوردەیان کرد کە ھێرشیان کرابوویە سەر

دوای ئەوەی دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەندی بە ھەریەک لە د.فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی عێراق لە تورکیا و والی مێرسین کرد، ئەو کەسانەی کە ھێرشیان کردبووە سەر خانەوادەیەکی کوردی شاری ھەولێر لە مێرسین لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
والی مێرسین بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی رایگەیاند، ھێرشکارەکان دەستگیر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، ئەو خانەوادە کوردەش کە ھێرشیان کرابوویە سەر دوای چەند کاتژمێرێک مانەوەیان لە نەخۆشخانە ئێستا دۆخی تەندروستیان باشە و بەدواداچوونیش بۆ ئەو کەیسە بەردەوامە.
ھەر ئەمڕۆش شاندێکی کونسوڵخانەی عێراق له غازی عەنتاب سەردانی ئەو خانەوادەیەیان کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شەممە ١٥ی ئایاری ٢٠٢١