د.بەشیر حەداد داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات بە زوترین کات دەست بکات به جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی و دابینکردنی بەشە بودجەی پارێزگاکان بە مەبەستی تەواو کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان

رۆژی سێشەممه 2021/5/18، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد، پەلە بكات له تەواو کردنی رێکارەکانی جێبەجێ كردنى یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ ی فیدراڵی، کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لە رۆژی 2021/3/31 دەنگی لەسەر دا .
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی دەستی بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی ئەو یاسایە نەکردووە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و زیاد بوونی کێشەکانیان هەیە.
حەداد داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە بە زوترین کات بەشە بودجەی پارێزگاکان بنێرێت تا پرۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بكرێن، له ھەمان كاتيشدا جەختی کردەوە لەوەی کە پێویستە ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم پەلە بکەن لەجێبەجێ كردنى رێکەوتنی دارايى و نەوتی نێوانیان به مەبەستی ناردنى بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ١٨ ئایاری ٢٠٢١