د.بەشیر حەداد، بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشداری کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی١٤٢ی یەکێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی کرد، سەبارەت بەو ئاڵنگارییانەی دێنە بەردەم گەلانی دونیا

رۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٥/٢٤، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ھۆڵی دەستووری ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری کرد لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی ١٤٢ی یەکێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی بۆ خولی ٢٠٧ی ئەنجومەنی حاکم کە لە ٢٤ بۆ ٢٨ی ئایاری ٢٠٢١ بە بەشداری سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتانی ئەندام له پێنج کیشوەری جیھان گرێ دراوە.
لە رۆژی یەکەمى کۆبوونەوەکەدا کە د.سیروان عەبدوڵڵا سیرینی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە لیژنە جیاوازەکان تێیدا بەشدار بوون، تاوتوێی پەیڕەوی ناوخۆی تایبەت بە کۆبوونەوەکە کرا کە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئەنجام دەدرێت.
دوراتی باشیکۆ سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی لە سویسڕاوە دیدگا و راپۆرتی خۆی لەبارەی چالاکییەکانی لیژنەی جێبەجێکاری خولی ٢٠٦ کە خولی پێشوو بوو بۆ ئەنجومەنی حاکم خستەڕوو.
لەلایەن خۆشیەوە دکتۆر بەشیر حەداد، گوێ بیستی راو بۆچوونی بەشداربووان بوو سەبارەت بە خستنەڕووی ئاستەنگەکان کە ڕووبەڕووی میللەتانی دونیا دەبنەوە و دیدگاکانیان بۆ داھاتوو و پێویستی بەردوامی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان ئەندامانی بەشداربووی یەکێتی پەرلەمانانی نێودەوڵەتی.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢٤ى ئایار ٢٠٢١