د.بەشیر حەداد لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی کەرکووک رێکارەکانی بەھێزکردن و گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندنیان لە زانکۆ تاوتوێ کرد

رۆژی سێشە‌ممه‌ ٢٠٢١/٥/٢٥، دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازيی کرد لە پ د.سەباح ئەحمەد ئیسماعیل، سەرۆکی زانکۆی کەرکووک.
لە دیدارێک دا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەسەر گرنگی خوێندن بە کوالێتییەکی بەرز کردەوە، بەشێوەیەک کە خزمەتێکی باشتر بە ئامانجە ستراتیژییەکانی خوێندن بکات، و بەردەوامی ھاوکاری زانستی لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی عێراق و جیھان بە مەبەستی باشتر كردنى ئاستى زانستی و ئەکادیمی و سود وەرگرتن لە ئەزموونیان.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی دیکە باس کران کە تایبەت بوون بە رێکارەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە قوتابیان و خوێندکاران لە قۆناغە جیاوازەکان و خوێندنی باڵا له زانکۆی کەرکووک.
دکتۆر بەشیر حەداد جەختی لەسەر پشتيوانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ زانکۆکان کردەوە لە چوارچێوەی یاسادانان و چاودێری، له رێگاى ليژنەى خوێندنى باڵاى پەرلەمانەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ٢٥ ئایاری ٢٠٢١