د.بەشیر حەداد پێشوازی له وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراق کرد

رۆژی یەکشەممە 2021/5/30 دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازیى کرد لە پ.د.نەبیل کازم عەبدولساحب، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی فیدراڵ.
لە دیدارێک دا کە رێبوار ھادی سەرۆکی لێژنەی یاسایی و د.محەمەد شاکر ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، گفتوگۆی چەندین بابەتی گرنگ کرا کە تایبەت بوون، بە پلانی وەزارەت بۆ خوێندنی ساڵی 2021-2022، لە سەر ئاستی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان و خوێندنی باڵاو، بەرزکردنەوەی ئاستى زانستی، و شێوازی وەرگرتنی قوتابیان بە رەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
لە گوتەیەکدا دکتۆر بەشیر حەداد جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی نێوان وەزارەت و لیژنەی خوێندنی باڵاى ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە، هەروەها دامەزراوە زانستییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە راسپارد بۆ پارێزگاریکردن لە ئاستی زانستی و هەماهەنگی هەوڵەکان لە پێناو تێپەڕاندنی کێشە و ئاستەنگەکان کە ڕووبەڕووی پرۆسەی خوێندن دەبنەوە.
هەروەها بەڕێزیان ئاماژەی بە پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاری ئەکادیمی و زانستی لە نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد تا ببێتە هۆی بەهێزکردنی پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان و بەرزکردنەوەی توانای فێرخوازان.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو دیدارە و گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی و لیژنەی خوێندنی باڵا دەربڕی بۆ گفتوگۆکردنی ئەو بابەتانەی تایبەتمەندن بە دابینکردنی ئەو پێداویستیيەكان لە بواری خوێندنی باڵا، و رێکارەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکان و گەشەپێدانی دامەزراوە زانستییەکان.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٣٠ ئایاری ٢٠٢١