ڕاگەیاندراوێک لە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە

بەیانی رۆژی شەممە، ٢٠٢١/٦/٥ ھێزێکی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی ئەنجام دانی ئەرکێک لە چیای مەتین لە پارێزگای دھۆک، کەوتنە ناو بۆسەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەو ھۆیەشەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ئێمە ويراى سەرکۆنە كردنى ئەو کردەوەیە، پێمان وایە ئەو جۆرە کردەوانە زەمینەسازی کردنە بۆ دروست کردنی شەڕی برا کوژی و ناسەقامگیری ھەرێمی کوردستان، و خوازيارين کێشەکان به شێوەی ئاشتييانه و لەسەر مێزی دانوستاندن چارەسەر بکرێن.
ھەبوونی ھەر گروپ یان ھێزێکی بیانی لە ناو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی ناياسايى رێگە بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ دروست دەکات تاوەکو خاکی ھەرێمی کوردستان بکەنە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەى کێشەکانی خۆیان، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵی بە زوترین کات کار بکات بۆ ئاسایی کردنەوەی ناوچە سنوورییەکان و پاراستنی سنوورەکانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگر کردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لەسەر سنوورەکان، بۆ ئەم مەبەستەش ھەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرین بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
لێرەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو پێشمەرگە شەھیدانە دەکەین و ھیوای زوو چاک بوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

د.بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شەممە ٢٠٢١/٦/٥