سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ سەردانى بەڕێوبەرایەتى خانەنشینى نیشتمانى دەکات لە کەرکوک بۆ ئاگاداربون لە بەڕێوەچونى کارەکان

پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحى سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ، ڕۆژى یەک شەممە 20ى حوزەیرانى 2021، سەردانى فەرمانگەى خانەنشینى نیشتمانى کرد لە پارێزگاى کەرکوک بۆ ئاگاداربون لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى کارەکان تیایداو، ئەو کێشانەى دەبنە ڕێگر لە بەردەم خانەنشینان بۆ وەرگرتنى شایستەکانیان.

پەرلەمانتار ساڵحى لەمیانى دیدارى لەگەڵ بەڕێز محەمەد سەڕاف بەڕێوبەرى فەرمانگەکە، تەئکیدیکرد لە پێویستى خزمەتکردنى چینى خانەنشینان و، نەهێشتنى ئەو ئاستنگانەى دێتە ڕێیان، بە پێویستیشى زانى کاربکرێت لەپێناو دۆزینەوەى ئاسانترین ڕێگا بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەى بگەن بە مافەکانیان.

هاوکات، سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ چاویکەت بە ژمارەیەک لە هاوڵاتیان لە فەرمانگەى خانەنشینى و، تەئکیدى لە پەلەکردن کرد لە دۆزینەوەى میکانیزمێک کە زامنى بەجێگەیاندنى مامەڵەى خانەنشینان بکات بە خێرایى، چونکە خانەنشینان بە درێژایى چەندین ساڵ خزمەتى وڵاتەکەیان کردووە، هاوکات بە شێوەیەکى شەخسى سەرپەرشتى تەواوکردنى بەشێک لەمامەڵەى خانەنشینانى کرد.

ئەنجومەنى نوێنەران
فەرمانگەى ڕاگەیاندن
20/06/2021