د.بەشیر حەداد لەگەڵ باڵیۆزی یابان لە عێراق، رێکارەکانی دروست کردنی پرۆژەی هاوبەشی ستراتیژی درێژخایەنیان لە نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرد

رۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٦/٢٢، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازيى کرد لە کوتارو سوزوکی، باڵیۆزی یابان لە عێراق.
لە دیدارێک دا کە پەرلەمانتاران شەبال حەسەن، ئەندامی لیژنەی نەوت و ووزە و عامر حوسێن فائیز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران تیایدا ئامادەبوون، چەندین بابەتی گرنگ تاوتوێ كران كە جێگەی بایەخی نێوان هەردوولا بوون، و لە پێش هەمووشیانەوە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و رێکارەکانی بەهێزکردنی هاوکاری نێوانيان لە بوارە جیاوازەکان، بەتایبەت بواری ئابووری و بازرگانی و تەکنۆلۆژیا و وەربەرهێنان و بەشداری پێکردنی کۆمپانیا یابانییەکان لە دووبارە بونیاتنانەوەی ژێرخانی وڵات و هاوکارییەکان لە بواری رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی وڵاتی یابان کرد لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراتی لە وڵات، و داواشی کرد پروژەیەکی هاوبەشی ستراتیژیى درێژخایەن لە نێوان هەردوو وڵاتی دۆست دروست بکرێت، و سوود لە ئەزموونی وڵاتی یابان وەربگیرێت لە بواری گەشەپێدانی ئابووری و پیشەسازی و جەختیشی کردەوە لەسەر پشتیوانی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی یابان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو دیدارە و تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە گرنگانە دەربڕی کە جێگەی بایەخی نێوان هەردوو وڵات بوون، و پاڵپشتی وڵاتەکەیشی بۆ عێراق دووپات کردەوە بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیى نێوان هەردوو وڵات، و جێگیرکردنی سەقامگیری بێت، و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ هاوکاری عێراق لە تەواوی بوارە جیاوازەکان.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎سێشەممە ٢٢ی حوزیرانی ٢٠٢١



انت تتصفح موقع الدورة النيابية الرابعة. للانتقال الى الدورة الحالية انقر هنا

X