بەیاننامەی لیژنەی شەهیدانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ یادی شەهیدبوونی ئایەتوڵا ئەلعوزما سەید محەمەد سادق سەدر و هەردوو كوڕەكەی

ئەمڕۆ یادێكی ئازاربەخش دەكەینەوە كە ئەویش شەهیدبوونی ئایەتوڵا ئەلعوزما سەید محەمەد محمەدسادق ئەلسەدر و هەردوو كوڕە پاكەكەیەتی(قدس).
لەكاتێكدا ئەمڕۆ بەڕێزەوە یادی ئەم كۆستە قورسە دەكەینەوە، وشەكان و ڕەوانبێژیی وتاربێژان هەرچەندە بەهێز و پایەبەرز بن دەسەوسانن لە دۆزینەوەی دەستەواژەگەلێك كە شایانی كەسایەتی شەهیدی بەختەوەر بن. لەكاتێكدا یادی شەهادەتی سەدری دووەم(قدس) و هەردوو كوڕەكەی دەكەینەوە، ئەركی سەرشانمانە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە چەندەها وانە و پەند لە ژیاننامەی سەركردە مەزنەكانمان و بەرنامە و هزری داهێنەرانە و بەرزیان وەربگرین، كە پەیوەستە بە پەیوەندیی پاك وبێگەردیان بە خوای پەوەردگارەوە (سبحانە و تعالی) چ بەگوفتار و چ بەكردار، لەنێویاندا شەهیدی بەختەوەر سەدری دووەم (قدس) كە كەسایەتییەكەی چەندەها خەسڵەتی بەرز لەخۆدەگرێت وەك خاكیبوونی پەیامبەران و هەیبەت و رووناكی پارێزكاران و ئازایەتی باپیرەی ئیمام حوسەین (سەلامی لێبێت). ئەو ژیان و خوێنی بۆ خودای پەروەردگار و لەپێناوی نیشتیمان و گەلەكەی خۆیدا كردە قوربانیی.
كاتێك كە یادی شەهیدبوونی كەسایەتییەكی وەك شەهیدی بەختەوەر (محەمەد محەمەد سادق ئەلسەدر) (قدس) دەكەینەوە، ئەوا چەندەها بەها و هەڵوێست و ئازایەتیمان بەبیردێتەوە كە وێنەیان دەگمەنە لە ڕوبەڕوبوونەوەی زۆردار و ستەمكاراندا. یادی ئازایەتی سەركەوتووانەی شەهید سەدر دەكەینەوە كە ئیلهام بەخشە بۆ خۆشەویستان و شوێنكەوتووانی، ئەو بوو كە دیواری ترسی ڕووخاند و لە دڵی عێراقییەكاندا سڕییەوە. یادی وەستانی سەر مینبەری ڕۆژانی هەینی دەكەینەوە كە خەڵكی ڕێنمایی دەكرد و ئامۆژگاریی دەكردن و فێری دەكردن كە چۆن قوربانی بدەن لە ڕێگەی ئاین و بنەما و بیروباوەڕدا و پێشەنگیان بوو لەو بوارانەدا.
دڵتەنگی بۆ شەهیدبوونی كەسەمەزنەكان نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە نەتەوە بێبەش دەبێت لە بەخششەكانیان. دڵدانەوەمان لەدوای لەدەستدانی شەهید كە كۆچی كردووە بۆ ماڵی دوایی و بەجێیهێشتوین ، هزرو ڕێباز و كەلەپوری ئەوە كە بە نەمریی و زیندوویی دەمێنێتەوە لە ویژدانی نەتەوەدا و دەبێتە ناونیشان بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لە كۆت و بەندی ستەم و ناڕەوایی، ڕێبازەكەی بەنەمری دەمێنێتەوە بەهۆی نەمریی هزر و كەلەپورەكەی.
شەهید سەدر ڕێبازی مامۆستاكەی سەید محەمەد باقر سەدر(قدس)ی گرتەبەر لە بەرەنگاربوونەوەی ستەمكاران و ڕۆچوون لە زانستە فیقهیی و عیرفانی و مەعریفییەكاندا بەجۆرێك كە بوارێك لە بوارەكانی زانست نەبوو كە ئەوان لە دەرگایان نەدابێت. ڕێبازی چاكسازیی سەدر سەرەتا چاكسازیكردنی دەروون و پاڵفتەكردنی بوو وە ساڵانێكی زۆر بەردەوام بوو، لەدوای ئەوە خۆی كفنپۆش كردوو ومینبەری ڕۆژانی هەینی هەڵبژارد بۆ ئامۆژگاریكردنی خەڵك و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ستەمكار. بەعسی تاوانبار هەستی بە مەترسی كەسایەتی سەییدی شەهید كردبوو بۆیە هەستا بە ئەنجامدانی تاوانەكەی بە تیرۆركردنی خۆی و هەردوو كوڕەكەی مستەفا و موئەمەل (ڕەزامەندی خوای گەورە لەسەر هەموویان بێت).
ئەمڕۆ كە یادی شەهیدبوونی مەرجەع و بیرمەند و پێشەوا و سەركردەیەك لەسەركردە دیارەكانی نەتەوە دەكەینەوە، هەموومان بە ئاشكرا هەست بە مەترسی بارودۆخەكە دەكەین پاش بەرزبوونەوەی دەنگە بەكرێگیراوەكان و هەندێ لە سیاسییە ڕقلەدڵ و گەندەڵەكان كە مەبەستیانە لە پلەوپایە و ناونیشانی شەهادەت و قوربانیدان كەمبكەنەوە كە خاوەنی ئەم یادە دیارترین سەلمێنەری ئەو ناونیشانانە بووە، جارێك بە نیشانەگرتن لەو ماف و ئیمتیازاتانەی كە بە خاوەن شەهیدان و قوربانیدەران بەخشراوە لە چوارچێوەی یاسادەستورییەكان، بەشێوەیەك كە ئەو مافە كەمانەشیان پێ ڕەوا نابینن كە زۆر كەمترە لەچاو قوربانیدانی شەهیدەكاندا، و جارێكی تر بە هێرشكردنە سەر ناونیشان و ڕەمزەكان لە ڕێگەی لێدوانی ڕۆژنامەوانی بۆ چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن، كە جگە لە ڕق و كینەی شاراوەی بەعسییانەیان لە ژێر ناونیشانی نوێدا هیچی دیكەیان لێ بەدی ناكرێت. هیچ جۆرە نەرمییەك نانوێنرێت لەبەرامبەر بەعس و تیرۆردا كە وڵاتیان كاولكردووە. ڕۆڵەكانی هەردوو سەدری شەهید و ڕۆڵەكانی شەهیدان و تێكۆشەران دەبنە چقڵی چاویان و بەربەستێكی ڕێگرن بۆ هەڵوەشانەوەی پرۆژە پیسەكانیان. لەم سۆنگەیەوە لیژنەكەمان ئەم بۆنەیە دەقۆزێتەوە و پێشنیارێك دەخاتە بەردەم حكومەت بەشێوەیەك سامانی زیاتر دەخاتە خەزێنەی دەوڵەت و داهاتی زیاتری بۆ دەگەڕێنێتەوە و گرفتی دارایی لەسەر كەم دەكاتەوە ئەویش، فرۆشتنی ئەو موڵكانەیە كە سەر بە دەوڵەتن و هەتا ئێستا بەناوی خێزانی گۆڕبەگۆر و دەستوپێوەندە بەعسییەكانەوەیە كە لە كاتی دەسەڵاتە تاریكەكەیاندا دەستیان بەسەرداگرتووە، و هەروەها هەنگاونانی ڕاستەقینە بۆ گەڕاندنەوەی پارە بلۆككراوەكانی ڕژێمی گۆڕبەگۆر لە بانكە عەرەبی و بیانییەكاندا، و ڕێگریكردن لە سەرفكردنی شایستە داراییەكانی ئەوانەی سەربە دەزگا سەركوتكەرەكان و ئەوانەی سەربە پاسەوانی تایبەت بوون و ئەوانەشی كە ئامرازی ڕژێم بوون لە ستەم و چەوساندنەوەی گەل، بەشێوەیەك تەنها ئەوانەی لێبەدەربكرێت كە داوای لێبوردنی فەرمی لە گەلی عێراق دەكەن لە كەناڵی فەرمی حكومیی لەپای ئەو پێشێلكارییانەی كە ڕژێمی گۆڕبەگۆر ئەنجامیداون كە ئەوان یارمەتیدەر یان بەشدار یان بێدەنگبوون لێی و خۆبەریكردن لەو ڕژێمە و نوسینی پەیماننامەیەكی نوسراو بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها دووبارە كاراكردنەوەی ڕۆڵی دەستەی ڕیشەكێشكردنی بەعس. بەم شێوەیە دەتوانین بنەمایەكی سەرەكی لە بنەماكانی دادگەریی ڕاگوزەر جێبەجێ بكەین، ئەوە سەرەڕای ئەو ماڵ و موڵكانەی كە دەگەرێنرێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەوكاتە توانیومانە تاڕادەیەكی كەم بەوەفا بین بۆ خوێنی هەردوو سەدری شەهید(ڕەزامەندی خودایان لەسەربێت) و تەواوی شەهیدانی عێراق.
سەلامت لێبێت گەورەمان باوكی مستەفا ئەو ڕۆژەی لەدایك بوویت ئەو ڕۆژەی شەهید بوویت و ئەو ڕۆژەی جارێكی تر زیندوو دەبیتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن