لیژنەى مافى مرۆڤ میواندارى بەڕێوبەرانى گرتوخانەکانى بەغداد دەکات بۆ تاتوێکردنى بارودۆخ و چۆنیەتى بەڕێوەچونى کارەکانى

لیژنەى مافى مرۆڤ بە سەرۆکایەتى پەرلەمانتار قوسەى شەبەکى جێگرى سەرۆکى لیژنەو، پەرلەمانتار وەحدە جومەیلى بڕیاردەرى لیژنەو، ئامادەبونى ئەندامانى لیژنە، ڕۆژى سێ شەممە 22ى حوزەیرانى 2021، میواندارى بەڕێزان بەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى چاکسازى و زیندانەکان و، بەڕێوەبەرى گرتوخانەى تاجى و گرتوخانەى کروبەرى کرد، بۆ ئاگاداربون لە کاروبارى زیندانەکان و چۆنیەتى بەڕێوەچونى کارەکان تیایدا.

لەو چوارچێوەیەدا، پەرلەمانتار قوسەى شەبەکى گوێبیستى وەفدى میوان بوو لە تەواوى وردەکارى ئەو کێشانەى گرتوخانەکان لەعێراق گیرۆدەى بوون لەپێناو چارەسەرکردنیدا، لەسەرو هەموشیانەوە پرسى قەڵەباڵغى و تواناى لەخۆگرتنی گرتوخانەکان ، هەروەها دۆخى تەندروستى و خواردن و خزمەتگوزارى پەیوەندى و پرسەکانى تر.

لاى خۆیەوە، پەرلەمانتار وەحدە جومەیلى تەئکیدى لەسەر بنەماى مامەڵەکردن کرد بەشێوەیەکى شەفافانە لە دۆسیەى گرتوخانەکان و، دورخستنەوە لەسەرجەم فشارە سیاسییەکان بەوپێیەى پەیوەستە بە مافى مرۆڤ، ئاماژەى بەوەشدا لیژنەکە بەدواداچون بۆ کارى گرتوخانەکان دەکات لەڕێى سەردانیکردن و بەدواداچونى بەردەوامى لەگەڵ کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤ و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و ڕاپۆرتى هاتووى زیندانییەکان بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ، تەئکیدیشى لەسەر گرنگى هەموارى یاساى چاکسازى و زیندانیان ژمارە 14 کرد، بەجۆرێک هەموارەکە پێداویستییەکانى زیندانیان دابین بکات.

بەڕێزان بەڕێوبەرانى گرتوخانەکان ئەو کێشانەیان خستەڕوو کە ڕوبەڕویان دەبێتەوە لەکارەکانیاندا، لە نمونەى زۆرى ژمارەى زیندانیان کە لەسەروى تواناى زیندانەکانەوەیە، هەروەها کەمى ژمارەى پاسەوانى چاکازسازییەکان و لێکۆڵەرەوان، خراپى دۆخى تەندروستى و نەبونى پزیشکى ئێشکگرو خاوەن پسپۆڕى بۆ زیندانیان لەگرتوخانەکان و، دەستوەردانى ئەمنیى لە ڕێوشوێنە پیادەکراوەکان بۆ ڕۆیشتن لەگەڵ زیندانیان لەکاتى ڕودانى حاڵەتى کتوپڕدا.

لەکۆتایى میواندارییەکەدا، لیژنە پەرلەمانییەکە چەند ڕاسپاردەیەکى دەرکرد کە بریتى بو لە، ناردنى هەموارى فەرمانگەى چاکسازى بەمەبەستى هەموارى یاساى زیندانیان و، داواکردن لەوەزیرى تەندروستى بۆ ناردنى پزیشکى ئێشکگرو، داواکردن لەوەزیرى پەیوەندییەکان بۆ دابینکردنى پێداویستى پێویست بۆ بەردەوامبونى زیندانیان لەپەیوەندیکردن بە کەسوکاریان لەڕێى دابینکردنى کابینەى پەیوەندى و ، داواکردن لەوەزیرى ناوخۆ بۆ ناردنى ژمارەیەک لە پشکنەرانى ژن بۆ گرتوخانەى تاجى، هەروەها ئەنجامدانى دیدار بە شێوەیەکى بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانى ترى ناو گرتوخانەکان.

فەرمانگەى ڕاگەیاندن
ئەنجومەنى نوێنەران
22ى حوزەیرانى 2021