د.بەشیر حەداد، سەردانی دەڤەری سۆران و حاجی ئومەرانی کرد و جەختی لەسەر گرنگی هەمانگی زیاتری نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ پاراستنی سنوورەکان کردەوە

رۆژی شەممە ٢٦/٦/٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەیاوەری محەمەدئەمین فارس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی دەڤەری سۆران و ناوچە سنوورییەکانی حاجی ئومەرانی کرد و چەند دامەزراوەیەکی حکومی بەسەرکردەوە.
ئامانج لە سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە دواداچوون بوو بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکان لە دەڤەری سۆران و بەسەرکردنەوەی لیواکانی پاسەوانی سنوور و پۆلیسی گومرک کە سەر بە دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵین لە ناوچەکە.
سەرتا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە شاری سۆران سەردانی بارەگای لیوای دووی پاسەوانی سنووری کرد و لەگەڵ عەمید فەرھاد محەمەد مستەفا فەرماندەی لیوای دوو و ئەفسەرانی باڵای ئەو لیوایە کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە رەوشی سنورەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و ئێران و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچە سنوورییەکان کرد.
هەر لە شاری سۆران، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی قايمقامیەتی ئەو شارەی کرد و لەگەڵ ھەڵگورد شێخ نەجیب، قایمقامی سۆران کۆبوووە و تاوتوێی رەوشی ئەمنی و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی دەڤەرەکەیان کرد.
دواتر دکتۆر بەشیر حەداد سەردانی خالى سنوورى حاجی ئومەرانى کرد و لەگەڵ ھەریەک لە عەبدولوەھاب محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیە و جەوھەر مەحمود، بەڕێوەبەری گومرکی دەروازەی حاجی عومەران کۆبووە، لە کۆبوونەوکەدا باسیان لە ئالییەتی کارکردن لە دەروازە سنوورییەکان و ئاسانکارییەکان لە چوارچێوەی یاساکان، بەمەستی گەشەپێدانی زیاتری جوڵەی بازرگانی لەو دەروازەیە کرد.
پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، چەند بنکەیەکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری لە سنووری نێوان عێراق و ئێرانی بەسەرکردەوە و لە هەموو کۆبوونەوەکانیشدا جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی زیاتری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کردەوە بۆ پاراستن و کۆنترۆڵ کردنی ناوچە سنوورییەکان.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق
‎شەممە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١