د.بەشیر حەداد سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستانی کرد، و جەختی لەسەر پابەندبوون به پرەنسیپە نێودەوڵەتیی و بنەما دەستوورییەکان کردەوە

رۆژی یەکشەممە ٢٠٢١/٦/٢٧، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شاری ھەولێر سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان کرد و لەلایەن د. مونا یوحەننا یاقو سەرۆکی دەستە و خاتوو تاڤگه عومەر بەڕێوەبەری گشتی کاروباری یاسایی دەستەوە پێشوازیى لێ کرا.
لە دیدارێکدا کە حاکم تۆفیق بەرپرسی نووسینگەی ھەولێری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تیایدا بەشدار بوو، دکتۆر بەشیر حەداد، پیرۆزبایی لە خاتوو مونا کرد بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی و ھیوای سەرکەوتنی لەکارەکەی دا بۆ خواست .
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیوەستە بە ھەموو تاکێکی کۆمەڵگەوه، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە مافيان پێشێل كراوه، بۆیە پێویستە زۆر بە وریایی و بەجدی کار لەسەر کەیسەکانی مافی مرۆڤ بکرێت و بەدواداچوون بۆ گیراوان و سزادراوان و راگیراوان لە بەندیخانەکان دا بکرێت و پارێزگاری بکرێت له ئازادی و مافەکان له چوارچێوەی ياسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختشی کردەوە لەسەر گرنگی ھەبوونی ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان له بوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شیاندن بۆ چالاکوانان و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان، وچاودێرى بەسەر بابەتەکانی مافی مرۆڤ و مامەڵەکردن لەگەڵ راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان.
حەداد، ئامادەیی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەربڕی له رێگای لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ پشتگيري ھەواڵەکانیان بەمەستی پتەوتر کردنی ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان دەستە و دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵ بەتایبەت کۆمیسیۆنی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی عێراق.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١