بەبۆنەی یادی چوار ساڵەی ئازادکردنی موسڵ لە دەست تیرۆرستانی داعش، د.بەشیر حەداد پەیامێک بڵاو دەکاتەوە حەداد: ئەو سەرکەوتنە بەخوێنی رۆڵە قارەمانەکانمان لە سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و عەشایەری بەدیهات

بە بۆنەی یادی چوار ساڵەی ئازادکردنی پارێزگای نەینەوا، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەو رووداوە گرنگە سەربازییەی بە سەرکەوتنێکی گەورە لەسەر ئاستی وڵات ناوبرد و رایگەیاند، ئەو سەرکەوتنە کە بە یەکڕیزی هەموو عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەدیهات، مانای هەبوونی رۆحی نیشتمانی هەموو رۆڵەکانی وڵات و باوەڕ بوونیانە بەو پرسە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بەیاننامەیەدا رایگەیاند:”ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بەسەر تیرۆرستانی داعشدا لە موسڵ لە ساڵی ٢٠١٧، بە هۆی قوربانی دانی گەورەی رۆڵە قارەمانەکانی ئەم نیشتمانە بوو لە سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و عەشایری، ئێمە لەم رۆژەدا دووبارە جەخت دەکەینەوە لەوەی کە پێویستە حکومەتی فيدراڵ پرۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچە ئازادکراوانە و تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق جێبەجێ بکات، و ئازار و کێشەی هاووڵاتیانمان کەم بکاتەوە، و بە زووترین کات دەست بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان بکات بەمەبەستی گەرانەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ تەواوی وڵات.”

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
یەکشەممە ١١ی تەمووزی ٢٠٢١