د.بەشیر حەداد: حکومەتی فیدراڵ بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری خستە سەر حسابی بانکی هەرێمی کوردستان

لە بەیاننامەیەکدا، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشت راستی کردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٧/١١، حکومەتی فیدراڵی بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری خستە سەر حسابی بانکی هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا کە دوای پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی ٢٠٢١ و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنامەی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی فیدراڵی بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری خستە سەر حسابی بانکی هەرێمی کوردستان.
حەداد، ئاماژەی بەوەشدا ئەوان بەردوام لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەسەر هێڵ بوون، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵ پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات و پابەندی رێکەوتنامەکە بێت و بڕیاریش وابوو ئەگەر تا هەفتەیەکی دیکە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردرێت ئەوە وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ بانگهێشتی پەرلەمان بکەن و لێپرسینەوەی لێ بکەن، چونکە هیچ بیانوویەکی یاسایی نەبوو بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە نەنێرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
یەکشەممە ١١ی تەمووزی ٢٠٢١