د.بەشیر حەداد داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای زیقار بکرێت و کەسانی کەمتەرخەمیش سزا بدرێن

لە بەیاننامەیەکدا، رۆژی سێشەممە ١٣/٧/٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دڵتەنگی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو رووداوی ئاگرکەوتنەوەیەی کە لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی فێرکاری لە پارێزگای زیقار کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان کەس بوونە قوربانی.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوای کرد بە زووترین کات لێکۆڵینەوەکان لەلایەن تیمی پسپۆڕی ئەمنی و تەندروستییەوە دەست پێ بکرێن بۆ دۆزینەوەی هۆکاری روودانی ئەو رووداوە و کەسانی کەمتەرخەمیش زۆر بە توندی سزا بدڕێن، و داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد پێداچوونەوە بە تەواوی سیستەمی تەندروستی وڵات دا بکات.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ١٣ی تەمووزی ٢٠٢١