لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەران داوادەكات بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە دەربارەی سوتانی نەخۆشخانەی ئەلحوسەین و سەپاندنی قورسترین سزا بەسەر كەمتەرخەماندا

لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە توندی سەركۆنەی ئەو كەمتەرخەمیانە دەكات كە بووە هۆی ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسەین لە ناسرییە كەتیایدا دەیان كەس لە هاوڵاتیان بوونە قوربانی.
لیژنەكە لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ داوای لە سەرۆكایەتی وەزیران كرد بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە و بەشداریپێكردنی لیژنەكە لە لێكۆڵینەوەكەدا، وسەپاندنی ئەوپەڕی سزاكان بەسەر هەریەكێك كە دەربكەوێت خەمسارد و كەمتەرخەمبووە لە دابینكردنی پێویستییەكانی سەلامەتی لە نەخۆشخانەكەدا.
ولیژنەكە ڕایگەیاند كە ” لەكاتێكدا كە سەرەخۆشی ئاراستەی كەس و كاری قوربانیان و بریندارانی ئاگركەوتنەوەكەی نەخۆشخانەی ئیمام حوسەین لە ناسرییە دەكەین كە كارەساتێكی دیكەی هاوشێوەی كارەساتی نەخۆشخانەی ئیبنولخەتیبە، داوا لە لایەنە حكومییە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە سنورێك بۆ ئەو مردنە زۆرانەی ناو نەخۆشخانەكان دابنێن كە پێویستە شوێنێكی پارێزراو بێت بەچەشنێك نەخۆشەكان هەست بە ئاسودەیی و ئارامی بكەن و چارەسەری تێدا وەربگرن لەبری كۆتایی هاتن بە ژیانیان لە ئاگركەوتنەوەیەكی تەمومژاویدا كە هەمووان خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە وهۆكاری كارەسەتەكە لەسەر نەناسراوێك تۆمار دەكرێت”.
لیژنەكە ئەوەشی خستەڕوو : ئەگەر بهاتبایە ئەم كارەساتە لە وڵاتێكی تر ڕووی بدایە ڕەنگە ببوایەتە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت بەتەواوی وڕەوانەكردنی كەمتەرخەمكاران بۆدادگا تایبەتەكان. بەڵام لە عێراقدا هاوشێوەی ئەم كارەساتانە ڕوودەدەن و چەندبارە دەبنەوە بەبێ بەرلێگرتن، هەروەك بڵێی گیانی خەڵكی هیچ نرخێكی نییە، وئێمە لەوە دڵنیاین كە ئەگەر لایەنەحكومەییەكان لە ڕابردوودا سزای بەرگریكارانەی دابنایا لە ئاستی ئەو كەمتەرخەمیانەی دەبنەهۆی ئەمجۆرە كارەساتانە ئەوا ڕوودانیان دووبارە نەدەبوویەوە.
لیژنەكە كۆتایی بە بەیاننامەكەی هێنا بە ووتەی:” چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین لەماوەی ئەوپەڕی سێ ڕۆژدا، وبەپێچەوانەوە لە ڕیَِگەی كاری پەرلەمانتاری خۆمانەوە ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر وهەڵدەستین بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك لێپرسینەوە لە نزمترین تاكو باڵاترین پایە.
ڕەحمەت و میهرەبانی بۆ گیانی قوربانیان، و چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكان
إنا لله وإنا إلیه راجعون “.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن