سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە شاندی حکومەتی ئەمریکا دەکات

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ پێنجشەممە پێشوازی کرد لە بەرێز برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفرقا و شاندی یاوەری.
لە دیدارەکەدا تاوتوێی خولی داهاتووی وتوێژی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا کرا لەگەڵ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە بوارەکانی ئابوری و رۆشنبیری و بازرگانی و خوێندن لەگەڵ بەردەوامی هەماهەنگی لە بوارەکانی ئاسایش و ریشەکێش کردنی تیرۆر لەرێی پشتیوانی هونەری و لۆجستی و راوێژکردن بۆ هێزە عێراقییەکان و بەهێزکردنی تواناکانیان.
هەر لە دیدارەکە گفتوگۆ کرا سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی ئیقلیمی و چەند پرسێکی تری جێی بایەخی هاوبەش.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
15 تەموز 2021