كه‌عبی چاوی به شێخ و پیاوماقوڵانی به‌سره كه‌وت و به ئاماده‌بون و به‌دواداچون له وه‌زاره‌ته‌كان؛ تاوتوێی دۆسیه‌كانی خزمه‌تگوزاری و پرۆژه په‌ككه‌وتوه‌كانی له شاره‌كه كرد
كه‌عبی: له رێگه یاساییه‌كانه‌وه داوای مافی خۆمان له دانانی سندوقی ئه‌و پارێزگایانه ده‌كه‌ین كه هه‌ناردەو به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌كه‌ن
کەعبی داوا لە حکومەت دەکات بەردانەوەی ئاو بۆ بەسرە زیادبکات و بڕه پاره‌ی پێویست ته‌رخانبكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه په‌ككه‌وته و ستراتیژییه‌كانی
به‌ڕێز حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی كادیرانی پێشكه‌وتویی هه‌ردو وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و شاره‌وانییه‌كانی كرد به ئاماده‌بونی شێخ و پیاوماقوڵانی به‌سره به مه‌به‌ستی تاوتوێی ئاسته‌نگه‌كان و ئه‌و گرفتانه‌ی كه شاره‌كه به ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنت له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانداو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو و به‌په‌له بۆیان.
له كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كه له بینای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 18ی ته‌موزی 2021 به‌ڕێوه‌چو، تێیدا كه‌عبی به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی داوای له حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان كرد به‌ردانه‌وه‌ی ئاو بۆ به‌سره به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز زیادبكه‌ن به‌تایبه‌ت له‌م مانگه‌و مانگی داهاتو له پێناو تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی زمانه‌ی خوێیاوی، هاوكات په‌له‌ش بكرێت له ته‌رخانكردنی بڕی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه په‌ككه‌وتو و ستراتیژییه‌كان له شاره‌كه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئاوی خواردنه‌وه‌ی گونجاو بۆ خواردنه‌وه‌وه هه‌یه، به‌هه‌مان شێوه پلانێكیش دابنرێت بۆ به‌بازاڕكردنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان و كاراكردنی پێكه‌وه‌ژیانی كوشتوكاڵ و نه‌وت.
به‌ڕێزیان به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی ئاراسته‌ی قسه‌كانی كرده حكومه‌ت به مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له سندوقی ئه‌و پارێزگایانه‌ی نه‌وت هه‌نارده‌و به‌رهه‌مده‌هێنن و داوایكرد ئه‌و تانه‌یه رابگیرێت كه له دادگای فیدراڵی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دراوه له‌و بابه‌ته، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به رێگا یاساییه‌كان به‌رگری له مافی دانانی سندوقی ئه‌و پارێزگایانه ده‌كات و هه‌ر تانه‌یه‌ك له‌وبابه‌ته ره‌تده‌كاته‌وه به‌وپێیه‌ی ئه‌و سندوقه ده‌بێته هۆكار بۆئه‌وه‌ی به‌سره سود له ده‌رامه‌ته‌كان وه‌ربگرێت و خزمه‌تگوزاری نوێی پێبكرێت بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان له كه‌رته‌كانی ئاو و كاره‌باو ژێرخان.
به‌هه‌مان شێوه داوایكرد، بڕی پێویست ته‌رخانبكرێت بۆ خه‌رجكردنی موچه‌ی 30 هه‌زار راژه بۆ خه‌ڵكی به‌سره، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وت-یش قسه بكرێت بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سوته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با دابین بكات و كاركردن له پرۆژه‌ی گه‌رمی فاو خێرا بكرێت و په‌له بكرێت له ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی گه‌وره ئاوی به‌سره‌و هه‌ڵگرتنی ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ی كراوه‌ته سه‌ر كه‌ناڵی ئاوی بیدعه.
هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باس له پێوییستی هاوكاریكردنی هاوڵاتیان و پیاوماقوڵان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و كۆتاییهێنان به دیارده‌ی تیرۆركردن و بازرگانیكردن به ماده‌ی هۆشبه‌ر و دیارده‌ی چه‌كی شپرز كرا، كه ئاسایش و سه‌قامگیری شێواندوه.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران
٢٠٢١/٧/١٨