پەیامی د.بەشیر حەداد، بۆ یادی ٣٨ ساڵەی جينۆسايدى بارزانییەکان

ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق، کە جينۆسايدى بارزانییەکان بوو تێپەڕ دەبێت.
لەو پرۆسەیەدا ھەزاران بارزانی بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق راگوێزران و لەوێ کۆمەڵکوژ کران، تاوانی ئەو ھاونیشتمانیانەش تەنیا ئەوە بوو کە کوردن.
لێرەوە سەری رێز و نەوازش بۆ رۆحی پاکی ئەو مرۆڤە بێ تاوانانە دادەنەوێنین و داواکارین لە حکومەتی فیدراڵی پەلە بكات له جێبەجێ کردنی بڕيار و ياساكانى دادگەری راگواستنەوە (العدالة الانتقالية)، و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری ئەو شەھیدانە بکاتەوە.
ھەروەھا پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش خزمەتێکی زياتر و باشتر بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بکات.
لەم یادەشدا بەپێویستی دەزانین، جەخت لەسەر کارکردن بۆ یەکڕیزی نێوماڵی کورد بکەینەوە، چونکە تاکە رێگە لەبەردەم رێگری کردن لە دووبارە نەبوونەوەی ئەو رووداوانە و رووداوە ھاوشێوەکانی، یەک دەنگی و یەکبوونی لانەیە کوردستانییەکانە کە دەتوانین لەو رێگەیەوە دەستکەوتە بە دەستھاتووەکانمان بپارێزین و دەستکەوتی زیاتریش بۆ میللەتەکەمان بە دەست بھێنین.

د.بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شەممە ٣١ی تەمموزی ٢٠٢١