بە ئامادەبوون و چاودێری د.بەشیر حەداد، رێوڕەسمی دەرچوونی خولی یەکەمی فەرمانبەرانی ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو

لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیمانگەی گەشەپێدانی پەرلەمانی، رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢١/٨/٥، ئاھەنگی دەرچوونی خولی یەکەمی بۆ فەرمانبەرانی ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی نوێبەران رێکخست.
رێوڕەسمەکە تایبەت بوو بەو فەرمانبەرانەی کە پلەبەرزکردنەوەی وەزیفی دەیگرتنەوە و تێیدا ھەریەک لە سادق جومعە حەمید، جێگری ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەعد فەیاز، بەڕێوەبەری گشتى پەیمانگەی گەشەپێدانی پەرلەمانی و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ژمارەیەک فەرمانبەر بەشدار بوون.
لە گووتەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سوپاسی رێکخەرانی ئەو خولەی کرد و ئەنجامدانی خولەکەی لەو شێوەیەی بە کارێکی ئەرێنی ناوبرد، هەروەها سوپاسی پەیمانگەی گەشەپێدانی پەرلەمانیشی کرد لە جێبەجێ کردنی بەرنامە و پلانەکانی دامەزراوەی یاسادانان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و بەهێزکردنی توانای پەرلەمانتاران و پێشکەش کردنی هاوکاری پێویست بۆ جێبەجێ کردنی کاری یاسادانان و چاودێری کردن و کاری رۆژانەی لیژنەکان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە خولی بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و بەڕێوەبردنی ستراتیژی و گەشەپێدانی تواناکانی کادیر و فەرمانبەران و کاروباری مرۆیی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ویستراوەکان.
لە رێوڕەسمەکەدا قەڵغانی رێزلێنانی پەیمانگەی بەخشرایە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەو هاوکاری و پشتیوانییەی کە لە چالاکییەکانی پەیمانگەکە دەیکات و پاشان خەڵاتی رێز لێنان بەخشرایە فەرمانبەرە یەکەمەکان و مامۆستایانی خولەکە.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٢٠٢١/٨/٥