پەرلەمانتار وەسفیە محەمەد شیخۆ بەشداری لە ئاهەنگی ڕۆژی منداڵی عێراقی دەکات

لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرۆکی دەستەی چاودێری منداڵان، ڕۆژی یەکشەممە ٨/٨/٢٠٢١ پەرلەمانتار وەسفیە محەمەد شیخۆ بڕیاردەری لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵانی پەرلەمان، بەشداریکرد لە ئاهەنگی ناوەندیی بەبۆنەی ڕۆژی منداڵی عێراقی، کە دەستەی چاودێری منداڵان بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی جیهانی ڕزگارکردنی منداڵ ڕێکیخست و، لەسەر تەختەی شانۆی نیشتمانی لە بەغدادو بە ئامادەبونی بەرپرسانی حکومی و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵێک کەسایەتی ئاینی و سیاسی بەڕێوەچوو.

لەو بۆنەیەدا، پەرلەمانتار وەسفیە شیخۆ تەئکیدی لە بایەخی ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران کرد لە پەسەندکردنی ئەو یاسانەی پەیوەستن بە مافی منداڵ و پاراستنی خێزان، بەتایبەت پڕۆژە یاسای پاراستنی منداڵ کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانەو، بایەخێکی زۆری هەیە لەگەرەنتیکردنی ڕاستەقینەی پاراستنی مافەکانیان لەسەرجەم ڕوەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکات دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستیپێکردەوە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە دەکرێ و، ڕێوشوێنەکان بەردەوام دەبن بۆ پەسەندکردنی بەهەوڵی پەرلەمانتاران و پشتیوانی لیژنەکان، بەتایبەت کە عێراق پابەندی لەسەرەو ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی هەیەو، ڕێککەوتنی مافی منداڵان و پڕۆتۆکۆلەکانی ئەو پرسە مرۆییەی ئیمزاکردووە.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٨/٨/٢٠٢١