د.بەشیر حەداد، سەردانی سیاسەتوانی کورد، د.مەحموود عوسمانی کرد

رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 2021/8/11 دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر، سەردانی د.مەحموود عوسمان، سیاسەتوانی کوردی کرد.
لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق و دواپێشهاتەکانی ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی تاوتوێ کران، بە تایبەت لە دوای هەنگاوەکانی ئەمریکا لە بابەتی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی لە عێڕاق.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆڵی د.مەحموود عوسمان و کەسانی وەکو بەڕێزیانی لە نێو بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کوردستان و پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە نەوەکانی داهاتوو شارەزای خەبات و ماندوو بوونی کەسانی وەکو د.مەحموود عوسمان ببن و سیاسیەکانی ئەم سەردەمەش سوود لە ئەزموونیان وەربگرن.
دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژەشی بەوەدا کە وڵات هەمیشە پێویستی بە ئەزموون و لێکدانەوەی سیاسی کەسانی بە ئەزموون هەیە بە مەبەستی راوێژ پێدان و رێنوێنی کردن، بە تایبەت لە وڵاتێکی وەکو عێراق کە زۆربەی جاران مێژوو خۆی دووبارە کردووەتەوە.
لەلایەن خۆیەوە د.مەحموود عوسمان، سوپاسی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بە کلیلی سەرکەوتنی هەموو هەنگاوەکانی ناوبرد.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢١