د.بەشیر حەداد، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق: پێویستە هەموو لایەنەکان هەوڵ بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی دەوڵەت بدەن لەسەر بنەماكانى دەستووری و دادگەری و هاووڵاتی بوون، و گەڕانەوەی هەیبەت بۆ دامەزراوەکانى دەوڵەت

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و دانانی مەلیک فەیسەڵ وەکو مەلیکی عێراق لە 22ى ئابى ساڵی ١٩٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، و لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو رووداوە بابەتێکی مێژووییە لە سایەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە له ناوچەکەدا روویاندا و رووداوێکی سیاسی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بوو لەو ماوەیەدا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەشی بەوەدا کە:”پێویستە هەموو لایەنەکان، هەوڵی تەواو بدەن بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمایەکی دەستووری راست و دروست و چەسپاندنی دادگەری و یەکسانی و گەڕاندنەوەی متمانە و هەیبەت بۆ داموودەزگاکانی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشە سیاسیی و ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان و کۆتاییهێنان بە بابەتی ئاوارەکانی ناو کەمپەکان و ئاسانکاری کردن بۆیان تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان”.
دکتۆر بەشیر حەداد، جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی یەک دەنگی لایەنە سیاسی و هێزە نیشتمانییەکان بۆ جێگیرکردنی ئارامی و سەقامگیری و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە وڵات و دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاونیشتمانیان و چەسپاندنی دادگەری کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢١