به‌بۆنه‌ی‌ 88هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنییه‌وه‌، كه‌عبی پیرۆزبایی له‌ سه‌ندیكای‌ پارێزه‌ران ده‌كات

به‌ڕێز حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌بۆنه‌ی‌ 88هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنیه‌وه‌، له‌ (رۆژی پارێزه‌رانی عێراق) پیرۆزبایی له‌ سه‌ندیكای‌ پارێزه‌رانی‌ عێراق و سه‌رجه‌م پارێزه‌رانی وڵات كرد، ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك رێز له‌ یاسا بگرێت و بنه‌ماكانی‌ دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی بچه‌سپێنێت، یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌ركه‌ گرنگانه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی‌ پیاوانی یاسا (پارێزه‌ران).

له‌و پیرۆزباییه‌دا كه‌عبی ئه‌وه‌شی وتوه‌ “سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراقی جێی شانازی دامه‌زراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌ له‌ عێراق و جیهانی‌ عه‌ره‌بی به‌وپێیه‌ی‌ سه‌رمه‌شقی ئه‌و بواره‌ بوه‌و رۆڵی هه‌بوه‌ له‌ چه‌سپاندنی كاری سه‌ندیكایی له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌یی و عه‌ره‌بی به‌ هاوكاری ئه‌زمونه‌ سه‌ندیكاییه‌كانی تری عێراق.”

هاوكات ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌، كه‌ ئه‌زمونی سیسته‌می دیموكراتی له‌ عێراق و سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ئه‌زمونه‌؛ پێویستی به‌ رۆڵی كارای سه‌ندیكاكان به‌ تایبه‌ت سه‌ندیكای پارێزه‌ران هه‌یه‌ كه‌ پیاوانی یاساو به‌رگریكارانی راستی و به‌رپه‌رچكارانی هه‌ر لادان و هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ یاساكاندا له‌ ریزه‌كانیدا له‌ خۆ ده‌گرێت، لێره‌داشدا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێداگری خۆی نیشانداوه‌ دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌شدار پێ بكات له‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ یاساكان و وه‌رگرتنی بیروڕاكانیان و به‌ هه‌مان شێوه‌ش سه‌رجه‌می ئه‌و لایه‌نانه‌ش به‌شدار پێ بكات كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ یاساوه‌ هه‌یه‌.

كه‌عبی ته‌ئكیدیشی له‌سه‌ر رۆڵی سه‌ندیكای پارێزه‌ران و توێژی پارێزه‌رانی ئایینده‌ كرده‌وه‌، كه‌ بریتیه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هۆشیاری یاسایی له‌ناو كۆمه‌ڵگاو بونیادنانی ده‌وڵه‌تێك رێز له‌ یاساكان بگرێت له‌گه‌ڵ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی و سته‌م به‌ هه‌مو جۆره‌كانییه‌وه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ به‌رگری له‌ تاكاكان و مافه‌كانیان و مافی كۆمه‌ڵگا به‌ گشتی.

نوسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌وانی
جێگیری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران
٢٠٢١/٨/٢٥