لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەران میوانداریی سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵیی و بریكاری هونەریی لە وەزارەتی تەندروستی دەكات

ڕۆژی چوارشەمە 25/8/2021 لیژنەی تەندروستیی و ژینگەی پەرلەمانیی بە سەرۆكایەتی دكتۆر قوتەیبە ئەلجبوری و بە ئامادەبوونی ئەندامەكانی، كۆبوونەوەیەكی گرێدا بەمیوانداریكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی بەڕێز مەحمود محەمەد ئەلتەمیمی، بریكاری هونەریی ڕێپێدراو بە دەسەڵاتەكانی وەزیری تەندروستی دكتۆر هانی موسا بەدر و بریكاری كارگێڕیی لە وەزارەتی تەندروستی دكتۆر تۆفیق وەلید و بەئامادەبوونی كادری پێشكەوتووی وەزارەت بۆ گەنگەشە و گفتوگۆكردن لەمەڕ پرسی دامەزراندنی دەرچووانی خوێندنی باڵا و ئەو كەسانەی هەمواری سێیەمی یاسای پلەبەندی پزیشكی(كادرە پاڵپشتیكەرەكان) دەیانگرێتەوە.
هەر لەم دیدارەدا لەسەر دەركردنی 7000 پلەی فەرمانبەرێتی بۆ درچووانی كۆلێژی زانست لەگەڵ تایبەتكردنی 25% لە جووڵەی میلاك بۆ دەرچووانی كۆلێژە زانستییەكان ڕێكەوتن كرا و ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی تر لە نێوان لیژنەی تەندروستی و ژینگە و ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی و وەزارەتی تەندروستی بۆ بڕیاردان لەسەر تەرخانكردنی 15% لە پلەی فەرمانبەرێتی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا.
هەروەها لە دیدارەكەدا تاوتوێی بابەتی ئامادەكارییەكانی وەزارەتی تەندروستی كرا لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی سێیەمی پەتای كۆرۆنا و گرنگیی پاڵپشتیكردنی كۆمپانیای كیمادیا لە دەستخستنی پێكوتەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتاكە و دابینكردنی دارایی پێویست بۆ ئەو مەبەستە لە ڕێگەی دەركردنی ئەو یاسایانەی كە ئاسانكاری دەكەن بۆ كارەكانی وەزارەتی تەندروستی لە دابینكردنی پێكوتەكاندا.
لیژنەكە پێشنیاری كرد كە پێویستە پاڵپشتی وەزارەتی تەندروستی بكرێت بە ئاسانكاری و كەمكردنەوەی بەربەستەكانی بەردەم ڕووبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنا، هەروەها گرنگیی پەیوەندی بەردەوامی نێوان لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانیی و ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی و وەزارەتی تەندروستی، بەمەبەستی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكان و ئاسانكاری كردن بۆ دەركردنی پلەی فەرمانبەرێتی تایبەت بە وەزارەتی تەندروستی خستەڕوو.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن