د.بەشیر حەداد: عێراق و ئوردن پەیوەندییەکی مێژوویی لە نێوانیاندا هەیە و ئەو هەڕەشانەش روو له ھەردوولا دەکەن پێویستە پێکەوە رووبەڕوویان ببینەوە

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٩/٢، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازی کرد لە ئەحمەد سەفەدی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردنی و شاندێکی یاوەری.
پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەشداری کرد لە خولی دانوستاندنە فەرمییەکانی نێوان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هاوتا ئوردنییەکەی کە لە هۆڵی دەستووری ئەنجومەنی نوێنەران و بە ئامادەبوونی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و عەبدولمونعم عودات سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن و ئامادەبوونی سەرۆک فراکسیۆن و لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و هیوای خواست کە لەو ماوەیەی لە وڵاتی دووەمی خۆیان دەمێننەوە بەخۆشی شادی ببەنە سەر.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە گوتەیەکدا رایگەیاند:”چەندین بنەمای هاوبەش و پەیوەندی مێژووی لە نێوان هەردوو گەلی عێراق و ئوردنی هەیە و چەندین هەڕەشەی هاوبەشيش هەن کە رووبەڕووی هەردوو وڵات دەبنەوە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە و دانوستاندنەکانیشان لەگەڵ پەرلەمانی ئوردنی بۆ بەهێزکردنی دەرنجامەکانی لوتکەی بەغدایە”.
حەداد داواشی لە لیژنە هەمیشەییەکانی هەردوو پەرلەمان کرد کە دەست بە گفتوگۆکانیان بکەن بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک لێکتێگەشتن و رێکەوتنی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی و بابەتەکانی تایبەت بە ووزە و گواستنەوە و وەبەرهێنان و كاركردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵاتی دراوسێ بکات.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٢ ئەیلولی 2021



انت تتصفح موقع الدورة النيابية الرابعة. للانتقال الى الدورة الحالية انقر هنا

X