حەداد : دەستنووسەکان بەھایەکی مێژووی ھەیە و سەروەتێکی نیشتمانین و پێویستە پارێزگارییان لێ بکرێت

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١/٩/٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە د.ئەحمەد کەریم عەلوان بەڕێوەبەری گشتی خانەی دەستنووسەکان لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی فیدراڵ.
لە دیدارێکدا کە بەشار کیکی ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەواری ئەنجومەنی نوێنەران تێیدا بەشداربوون باس لە رێکارەکانی بەھێزکردنی ھاوکاری نێوان خانەی دەستنووسەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا چونکە نوێنەرایەتی سەرچاوە سەرەتاییەکانی میراتی رۆشنبیری زۆربەی شارستانییەتەکان و کۆی زانیارییەکانی رابردوو لەخۆ دەکرێت و ھێشتا ژمارەیەکی زۆر نوسراو ھەن بە دەست نووسن و تاوەکو ئێستا چاپ نەکراون لە ھەموو زمانەکانی عەرەبی، سریانی، کوردی، فارسی و تەنانەت عیبریش.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا کە نوسراوە کۆنەکان بەھایەکی مێژووین و سەروەتێکی نیشتمانین کە پێویستە بپارێزرێن و ئەرشیف بکرێن بەشێوەیەکی زۆر مۆدێرنانە و سوپاسی ھەوڵە مرۆڤانەکەی خانەی دەستنووسەکانی کرد بۆ کارەکانیان لە بواری بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان.
حەداد جەختی کردەوە لەسەر گرنگی چالاککردنی یاسای شوێنەوار و کلتووری عێراقی ژمارە ٥٥ی ساڵی ٢٠٠٢، فراوان کردنی پردی ھاوکاری نێوان خانەی دەستنووسەکان و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی دیداری ھاوبەش لەگەڵ ئەکادیمیستان و لێکۆڵەرانی کورد لەو بوارە و پشتیوانی کردنی ھەوڵەکان بۆ دروست کردنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی شوێنەوار لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە 1 ئەیلولی 2021