لیژنەی شەهیدان لە ئەنجومەنی نوێنەران میوانداری بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دەكات سەبارەت بە كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەلخالیدون

ڕۆژی سێ شەممە 31/8/2021 لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسی بەسەرۆكایەتی پەرلەمانتار خەلەف عەبدولسەمەد خەلەف كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجامدا لەگەڵ هەریەك لە بەڕێزان جابر عەبد خاجی بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان لە وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان لە پارێزگای بەسرە، ڕاوێژكاری سەرۆكی دەزگای شەهیدان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئابووری و نوێنەری فەرمانگەی یاسایی لە دەزگاكە كە تیایدا نوێنەرانی كۆمپانیای دورجای توركی ئامادەی بوون بۆ گەنگەشەی پرسی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەلخالیدون بۆ كەس و كاری شەهیدان لە پارێزگای بەسرە و هۆكارەكانی دواكەوتنی تەواوبوونی پڕۆژەكە.
سەرۆكی لیژنەكە جەختی كردەوە لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو دواكەوتنە زۆرەی كە لە پڕۆژەی ئەلخالیدون هاتوەتە ئاراوە ئەوە لەكاتێكدایە كە پڕۆژەكە بەیەكێك لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەكان هەژمار دەكرێت بۆ كە س و كاری شەهیدان كە تاوەكو ئێستا بە هۆی ڕێكارە ئیدارییە ڕۆتینییەكانەوە تەواو نەكراوە و هەندێك لە فەرمانبەرانیش بە ئەنقەست هۆكارن بۆ دواخستنی ئەو پڕۆژەیە، هەروەها داوای لە لایەنی تایبەتمەند كرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كرداری نەوەك تیۆری، چونكە زۆرێك لەو خێزانانەی كە لە چاوەڕوانی تەواوبوونی ئەو كۆمەڵە نیشتەجێبوونەدا بوون كۆچی دواییان كرد و ئێستا لە ژیاندا نەماوون.
بەڕێز بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ڕوونی كردەوە كە لەسەر داوای پارێزگای بەسرە پڕۆژەكەیان ڕادەستی پارێزگای بەسرە كردووەتەوە بۆ تەواوكردنی، وسەرجەم بەڵگەنامە و دۆكیۆمێنتەكانی پەیوەست بە پڕۆژەكە ڕەوانەی پارێزگاكە كراوە.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێز وەلا عەبدولكەریم نوێنەری پارێزگای بەسرە ئامادەیی خۆیی دەربڕی بۆ تەواوكردنی ژێرخانی پڕۆژەكە لە ئێستادا تاوەكو ئەو كاتەی ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەكان دەگیرێنەبەر لە نێوان كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن.
لە كۆتاییدا ئامادەبووان بە چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێك كۆتاییان بە كۆبوونەوەكە هێنا لەوانە هەستانی پارێزگای بەسرە بە دانانی ژێرخانی پڕۆژەی ئەلخالیدون لە چوارچێوەی تەرخانكراوە داراییەكانی پارێزگا، كۆمپانیا توركیەكە هەستێت بە یەكلایی كردنەوی كارەكەی لە ڕێگای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان یاخود دانوستان لەگەڵ پارێزگای بەسرە بەهۆی ئەوەی كە پارێزگا ئەو لایەنەیە كە پڕۆژەكەی پێ سپێردراوە.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی یاسایی