د.بەشیر حەداد: نابێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٩/٧، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی ھەولێری ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی کرد لە شێخ حوسێن شێخ محەممەدی لۆلان کەسایەتی دیاری دەڤەری برادۆست.
لەدیدارێکدا باس لە بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان بە گشتی، و دەڤەری برادۆست بە تایبەتی کرا، کە لە ئێستادا بەبۆنەی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی پەکەکە و تورکیا ئاڵۆزی تێکەوتووە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا كه نابێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان، و پێویستە حکومەتی فیدراڵ به ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکات بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچە سنوورییەکان و پاراستنی سەرەوەری خاکی وڵات، ئەوەش بە گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
دکتۆر بەشیر حەداد راشیگەیاند کە تەنیا رێگەی چارەی ئەو کێشانە کۆبوونەوەیە لەسەر مێزی دانوستاندن.
لەلایەن خۆیەوە شێخ حوسێن شێخ محەممەد سوپاسی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ پێشوازییەکە، و داواشیان کرد کە لە رێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە وەکو دەستەڵاتێکی چاودێر بەسەر حکومەتەوە، هەوڵ بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە سنوورییەکان و گەڕانەوە ئارامی و ژیان بۆیان.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢١



انت تتصفح موقع الدورة النيابية الرابعة. للانتقال الى الدورة الحالية انقر هنا

X