د.بەشیر حەداد پێشوازی کرد لە سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٩/٧، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی ھەولێری ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی کرد لە بژار کۆچەر سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان.
لە دیدارێكدا باسیان لە کاروچالاکییەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم خولەی پەرلەمان توانیویەتی چەندین یاسای گرنگ دەربکات کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانن و زیاتر پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتییان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشدا کە لیژنەی یاسایی رۆڵێکی گرنگ دەبینێ له ئامادەكردن و پێداچوونەوەی پرۆژە و پێشنیارەكان، ھەروەھا ئامادەكردنى راپۆرتی تایبەت بۆیان، لەبەر ئەوە پێویستە پەرلەمان زۆر بە وردی و شارەزاییەوە کار لەسەر پرۆژە یاساکان بکات و ئامادەیان بکات پێش ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و لێكدانەوەی تەواو بۆ هەموو لایەنەکانی یاساکە بکات و دوور لە بیروبۆچوونی حیزبی و بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵانەش کارەکانیان بکەن وهاوسەنگی رابگرن، چونکە راگرتنی هاوسەنگی یەکێکە لە بنەماکانی کاری پەرلەمانی و بەپێویستیشی زانی کە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر هەبێت لە نێوان هەردوو لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق و پەرلەمانی کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە بژار کۆچەر سوپاسی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ ئەو دیدارە و پاشان کورتەیەکی لە بارەی کاروچالاکییەکانی پەرلەمان بەشێوەیەکی گشتی و لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە تایبەتی بۆ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران باس کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢١