د.بەشیر حەداد سیمینارێکی بۆ ژمارەیەک لە قوتابیانى سەر بە لقی دەوروبەری هەولێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان پێشکەش کرد

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٩/٨، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شاری هەولێر سیمینارێکی لەژێر ناونیشانی (کورد و هاوکێشە سیاسییەکان) پێشکەش بە ژمارەیەک قوتابی کرد.
سیمینارەکە لەلایەن لقی دەوروبەری ھەولێری یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە ئامادە کرابوو و تێیدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی کە لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لەم وڵاتە هەن و بەهۆیانەوە هەمیشە کورد چەوسێنراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد، باسی لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ کرد، کە کورد توانیویەتی بەهێزێکی باشەوە بچێتەوە بەغدا و کار بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی میللەتەکەی بکات و نووسینەوەی دەستوور و جێگیرکردنی مافە رەواکانی کوردیشی لەو دەستوورەدا بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان ناوبرد.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران باسیشی لە کاروچالاکییەکانی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران كرد، رایگەیاند لەم خولەدا توانیانە چەندین پرۆژەی بەسوود پەسەند بکەن، و ڕێگری لە چەندین پرۆژەی دیکەش بکەن کە زیانیان بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی هەبووە.
حەداد ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کرد، لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەکانی یاسای هەڵبژاردنی ئەمجارەی بۆ بەشداربووانی خولەکە شیکردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەوڵ بدرێت زۆرترین و باشترین کاندیدەکان سەربخرێن، تاوەکو بتوانن ببنە نوێنەری راستەقینەی گەلی کوردستان لە بەغدا.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا کە بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی ١٦ پارتی و ژمارەیەک له بەرپرسان و ميوانان تێیدا بەشداربوون، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران خەڵاتی خولەکەی بەسەر ژمارەیەک لە بەشداربووندا دابەش کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢١