د.بەشیر حەداد پێشوازی لە ژمارەیەک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کرد

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٩/٨، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی هەولێری ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی کرد لە ژمارەیەک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و گوێی لە داواکاری و خواستەکانیانی گرت.
لە دیدارێكدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە گەڵ بارزان محەمەد، بەرپرسی ناوچەی بالیسانی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکەیان کرد، بەرپرسی ناوچەی بالیسانی پارتی بە وردی باسی لەو کێشانە کرد کە ماوەی چەند رۆژێکە هاووڵاتیانی دەڤەرەکەی هێناوەتە سەرشەقام و داوای چارەسەرکردنیان دەکەن کە دیارترینیان کەمی خزمەتگوزاری و خراپی رێگەو بان و نەبوونی بنکەی کارتی نیشتمانییە لە ناوچەکەیان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بە پێویستی زانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش پارێزگای هەولێر بەدەم داخوازی خەڵکی ناوچەکەوە بچن و بەپێی توانا داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن. ئاماژەشی بەوەدا کە بابەتی کارتی نیشتمانی پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵییەوە هەیە و بەڵێنی دا داخوازیی خەڵکی ناوچەکە بگەیێنێتە لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا.
لەلایەکی دیکەوە دکتۆر بەشیر حەداد، پێشوازی کرد لە ئامانج سوار ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە مەبەستی پرس و راوێژكردن سەبارەت به ھەندێک کێشەی تایبەت به حکومەتی فیدراڵی سەردانی کرد بوو، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵێنی دا بەپێی توانا هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەیان بدات.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢١