له‌میانەی سەرۆکایەتیکردنی دیدەوانیەکی بەرفراوان بۆ تاوتوێی جێبەجێکردنی یاسای دڵنیایی تەندروستی.. کەعبی: جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بەشێوەیەکی دروست هەنگاوێکی گەورەیه‌ لەبواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاوڵاتیان

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ی‌ ئه‌یلولی 2021 به‌ڕێز حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌رۆكایه‌تی دیده‌وانییه‌كی به‌رفراوانی كرد تایبه‌ت به‌ تاوتوێكردنی یاسای دڵنیایی ته‌ندروستی ژماره‌ 22ی‌ ساڵی 2020.

له‌ دیده‌وانییه‌كه‌دا كه‌عبی داوای له‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ تایبه‌ت وه‌زاره‌تی دارایی كرد پشتیوانی ته‌واوه‌تی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ بكه‌ن به‌وپێیه‌ی‌ توانای داموده‌زگا پزیشكییه‌ گشتییه‌كان زیاتر ده‌كات و وای لێده‌كات له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كاندا ركه‌به‌ری كه‌رتی تایبه‌تی ته‌ندروستی بكات، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ مه‌به‌ست له‌ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و یاسایه‌ راگه‌شتنه‌ به‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ هاوڵاتی و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و پزیشكیدا، به‌وپێیه‌ی‌ هاوڵاتی له‌بری خه‌رجكردنی بڕێكی زۆری پاره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی عێراق، له‌ناوخۆی وڵاتدا بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌متر خه‌رجده‌كات و خزمه‌تگوزارییه‌كی باشتری پێشكه‌ش ده‌كرێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئه‌و یاسایانه‌ی‌ فه‌راهه‌می ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌و خزمه‌تگوزاری ده‌كه‌ن، به‌ گرنگترینی ئه‌و یاسایانه‌ داده‌نرێن كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات به‌وپێیه‌ی‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ دیده‌وانییه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك رێنمایی ئاراسته‌كران له‌وانه‌؛ پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ ته‌واوكردنی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌و جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی ناوی‌، وه‌واره‌تی پلاندانان و وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ پشتیوانه‌كانی تر هاندران بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی چڕو پڕ هاریكار بن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی بنه‌مای زانیارییه‌كانی ئه‌و توێژانه‌ی‌ كه‌ له‌ یاساكه‌دا به‌ ئامانج گیراون، هاوكات وه‌زاره‌تی داراییش پابه‌ندبكرێت به‌ دابینكردنی بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ مه‌به‌ستی ئاسانكاری له‌ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌دا.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ته‌ئكید له‌ پێویستی سودوه‌رگرتن له‌ شاره‌زاییه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان كرایه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی سیسته‌می دڵنیایی ته‌ندروستی و دانانی پلانێكی به‌رفراوانی میدیایی له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی ناساندنی یاساكه‌و بڵاوه‌پێكردنی هۆشیاری و سوده‌كانی یاساكه‌و پێویستی پابه‌ندبون پێیه‌وه‌، هاوكات جه‌ختیش له‌وه‌كرایه‌وه‌، لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی‌ ئه‌نجومه‌ن چاودێری رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بكات بۆئه‌وه‌ی‌ په‌له‌بكرێت له‌ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌دا.

له‌و دیده‌وانیه‌ فراوانه‌دا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی‌ به‌ڕێزی لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی و ژینگه‌و به‌ڕێز هانی عیقابی، وه‌زیری ته‌ندروستی به‌ وه‌كاله‌ت و نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و بریكاره‌كان له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی و پلاندانان و ناوخۆ و كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و بانكی ناوه‌ندی و ده‌سته‌ی‌ ده‌سته‌به‌ری ته‌ندروستی و به‌ڕێزانی به‌رپرس له‌ سه‌ندیكاكانی ته‌ندروستی و ده‌رمانخانه‌كان و ددان و نوێنه‌ران له‌ یه‌كێتییه‌ گشتییه‌كانی سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ژوری بازرگانی به‌غداو دڵنیایی نیشتمانی و راوێژكاره‌ به‌ڕێزه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده‌ی بون.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران
٢٠٢١/٩/١٥