د.بەشیر حەداد، لەگەڵ سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی، بابەتی ئیدارەدانی موڵکەکانی وەقف، و گەشەپێدانی گيانى لێبوردەیی له نيوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگایان تاوتوێ کرد

رۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٩/١٤، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازی کرد لە د.سەعد کەمبەش سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی و شاندێکی یاوەری.
لە دیدارێكدا تاوتوێی ئەو بابەتانە کرا کە پەیوەندیدار بوون بە گرنگی دان بە پەیوەندییە دینییەکان و پاراستنی بەها ئایینییەکان و نزیکبوونەوەی پێکهاتەکانی وڵات بەشێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی کلتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بکات.
لە گوتەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵەکانه دیوانی وەقفی سوننی بەرز نرخاند لە ئیدارەدان و سەرپەرشتی کردنی موڵکەکانی وەقف له چوارچێوەی شەرعییەتدا، و پێڕاگەیشتن بە کاروباری دامەزراوە دینی و خێرخوازییەکان و گەشەپێدانی کارەکانیان و زیندوو کردنەوەی کەلەپوور و شارستانییەتی ئیسلامی و پاراستنیيان. ھەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گەشەپێدانی گوتاری ئايينى بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەهێزکردنی لایەنی دینی بکات، و رۆحی نیشتمانی و پەیوەندييه کۆمەڵایەتییەکانى نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا لە وڵاتدا بەهێز بکات.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢١