د. بەشیر حەداد لەگەڵ باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق رێکارەکانی بەھێزکردنی ھاوکاری نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد

رۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٩/١٤، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری بەغدا، پێشوازی کرد لە بولا غانلی باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق.
لە دیدارێکدا تاوتوێی ئەو بابەتانە کرا کە جێگەی بایەخی ھەردوولابوون، بەتایبەت رێکارەکانی بەھێزکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگی لە تەواوی بوارەکان لە نێوان ھەردوو وڵات، و دۆسیەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ئامادەکارییە ھونەری و لۆجستییەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندی ھاوبەشی ئابووری و بەھێزکردنی ھاوکاری نێوان ھەردوو وڵاتی دۆست کرد، بەتایبەت لەم بارودۆخە ھەستیارەی کە ئێستا وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت، و ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەر بنەمای داخوازی ھاووڵاتیانى لە پێشە. ئاماژەشی بەوەدا کە ویستی سیاسی ھەیە بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردن و بەردەوامی دان بە پرۆسەی سیاسی و چاکسازی و گۆڕانکاری لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە.
حەداد راشیگەیاند، حکومەتی فیدراڵی ئاماژەی بە ئامادەیی ھێزە ئەمنییەکانى نيشانداوه بۆ پاراستنى ناوەندەکانی دەنگدان .
حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش پشتیوانی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن دەکات لە کاتی خۆیدا، و ھەولێکی جدیش ھەیە بۆ ئەوەی داوا لە دەنگدەران بكرێت کە لە تەواوی وڵات بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی ئوسترالیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دیدارە و تاوتوێ کردنی ئەو بابەتانە لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران.
بولا غانلی جەختی کردەوە لە پشتیوانی وڵاتەکەی لەو ھەنگاوانەی کە حکومەتی فیدراڵی ھەڵیگرتووە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری و ئارامی و دروستکردنی ژینگەیەکی باش بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان بتوانن بەشداری ئەو پرۆسە دیموکراتییە بکەن و نوێنەرەکانی خۆیان لە رێگەی سندوقەکانی ھەڵبژاردنەکانەوە دیاری بکەن.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی
سێشەممە ١٤ ئەیلولی ٢٠٢١