د.بەشیر حەداد: پێویستە ھەرچی زووە کێشەی ھەژمارکردنی خزمەتی پێشمەرگە بۆ خانەنشینی چارەسەر بکرێت

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٩/١٥، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازی کرد لە محەمەد حەمزە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.
ئامانج لە رێکخستنی ئەو دیدارە بەشێک بوو لە ھەوڵە بەردەوامەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە مەبەستی ھەژمارکردنی خزمەتی پێشمەرگە لە بواری خانەنشینی.
دکتۆر بەشیر حەداد داوای لە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرد کە پەلە بکەن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەویش بە پشت بەستن بە دەستوور و یاسای خانەنشینی عێراقی ژماره ٩ ساڵى ٢٠١٤.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا بە ئاراستەکردنی نووسراو بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا بۆ ھەماھەنگی کردنی پێدانی زانیاری لەسەر ئەو بابەتە و بڕیاریش وایە بۆ ھەمان مەبەست بانگھێشتی سەرۆکی دەستەی نیشتمانی خانەنشینی عێراقی بکرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢١