د.بەشیر حەداد و سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی رێکارەکانی هەژماركردنى خزمەتی پێشمەرگايەتى به مەبەستی خانەنشینكردن تاوتوێ کرد

رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢١/٩/٢٣ ، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شاری بەغدا سەردانی باڵەخانەی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی کرد و لە لایەن ئەیاد مەحمود جبوری سەرۆکی دەستە و کادیرانی پێشکەوتووی دەستەوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێكدا باس لەو بابەتە گرنگانە کرا کە تایبەت بوو بە کاری رۆژانەی دەستەی خانەنشینی و رێکارەکانی گەشەپێدان و بەهێزکردنی کاری حکومەت و پێشکەش کردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ توێژی خانەنشینان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە هەوڵەکانی دەستەکە کرد و جەختی کردەوە لەسەر چارەسەرکردنی رێگرییەکانی بەردەم هەژماركردنى خزمەتی پێشمەرگايەتى به مەبەستی خانەنشینكردن كه ماوەیەکە راگيراوه، داواشى كرد ياساى خانەنشینی فیدراڵی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بکرێت بەپێی دەستوور، و خزمەت و خەباتی پێشمەرگە له بەرچاو بگیرێت، وەک بەشێک لە ھێزی بەرگرینیشتمانی كه پێویستە گرەنتی ماف و شایستە داراییەکانیان بکرێت.
دکتۆربەشیر حەداد ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دەستەی خانەنشینی فيدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و بە پێویستیشی زانی کە یاسایەکی خانەنشینی یەکگرتوو بۆ هەموو خانەنشینانی عێراق لە ھەردوو بەشی مەدەنی و سەربازی دەربچێت و کارئاسانی بکرێت بۆ تەواوی ئەو کەسانە و لە چوارچێوەی یاسادا خانەنشین بکرێن.
لەلایەن خۆیەوە ئەیاد مەحمود جبوری خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەردانی مەیدانی بۆ کاری دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان دەربڕی و ئاماژەی بە وردەکاری کاری ئیداری و یاسایی تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان، و ئاماژەشی دا بە گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی دەستەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان .

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٢٣ ئەیلولی ٢٠٢١